ڕاستەوخۆ بڕۆ بۆ سەر ناوەڕۆک

Published 01.02.2020

ئەوانەی کە پردی پەڕینەوە دروست دەکەن – ڕۆڵی ئاوارەکان لە بووژاندنەوەی سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیا

نموونەی کارکردن بۆ نوێنەرەکانی ئاوارەکان و ئەو لایەنانەی کە لەگەڵیاندا کاردەکەن

لە پایزی ٢٠١٩دا پڕۆژەی پرۆسەی دیالۆگیا جێبەجێ کرا، کە ئامانجی ئەوە بوو گوێبیستی ڕاوبۆچوونەکانی ئاوارەکان بێت سەبارەت بە دەرفەتەکانی بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوە و لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە نیشتمانی ڕەسەنی خۆیاندا. وەکو بەشێك لە پڕۆژەکە ئەو بڵاوکراوەیە داڕێژرا کە پاشکۆی ئەم نوسراوەیە، کە مەبەست لەوەش ئەوەیە کە پرسیارە سەرەکیەکان و نموونەکانی کارکردن بخرێنە بەرچاو بۆ تۆڕەکانی ئاوارەیی و ئەوانەی کە سەر بە ئاوارەکانن و هەروەها ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵە و کاربەدەستانەی  کە لەگەڵ ئەواندا کار دەکەن و بایەخ دەدەن بە کاری بووژاندنەوەی نیشتیمانە ڕەسەنەکەیان. ئەو بڵاوکراوە پاشکۆکراوە چڕکراوەی ڕوونکردنەوەیەکی فراوانترە، کە لە  ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێتی تۆڕی سۆماڵیەکانی فینلەندا بەزمانی فینلەندی هەیە. ئەم چڕکراوەیە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی فینلەندی، سویدی، ئینگلیزی، سۆمالی، عەرەبی، داری و کوردی.

 

پڕۆژەی پرۆسەی دیالۆگیا لەلایەن تۆڕی سۆماڵیەکانی فینلەنداوە ڕێكخرابوو. وەکو لایەنی هاوکاری پڕۆژەکەش ڕێکخراوی چەتری ڕێکخراوەکانی کاری بووژاندنەوەی فینلەندی Fingo و هەروەها دەزگای گەیاندن و بووژاندنەوەی (Vikes) کاردەکەن. پرۆسەی دیالۆگیا پێکهاتبوو لە ئەم بڵاوکراوەیە لەگەڵ چوار دانە بۆنەی گفتوگۆکردن، کە تایبەت بوون بە سۆماڵ، ئەفغانستان هەروەها ئاوارەکانی عیراق و سووریا (بە کوردەکانەوە). پڕۆژەکە وەکو بەشێك لە پرۆژەی AUDA ی فەرمانگەی کۆچی فینلەندا، وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا و ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان (گەڕانەوەی ئارەزومەندانە بۆ عیراق، ئەفغانستان و سۆماڵ)ی جێبەجێ کرا، کە پارەی خەرجیەکانی لەلایەن سندووقی پەنابەری -، کۆچ و ئاوێتەکردن لە کۆمەڵگادا (AMIF) خەرج کرا.

 

ئەوانەی کە پردی پەڕینەوە دروست دەکەن

  • ڕۆڵی ئاوارەکان لە بووژاندنەوەی سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیا

 

چڕکراوەی بڵاوکراوکە

 

 

 

 

نووسینی: ڕۆسا ڕەنتانێن  ROSA RANTANEN

یارمەتیدەری لێکۆڵینەوەکە: لیبان عەبدی LIBAN ABDI

 

 

 

لایەنی بڵاوکردنەوە: تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا  SUOMEN SOMALIA-VERKOSTO

ناونیشان:  LINTULAHDENKATU 10, 00500 HELSINKI, SUOMI

ئیمەیل:  TOIMISTO@SOMALIAVERKOSTO.FI

www.somaliaverkosto.fi/en/finnish-somalia-network/ (ENGLISH)

www.somaliaverkosto.fi/so/ururka-shabakada-finnishka-iyo-soomaalida-ee-finland/ (AF-SOOMAALI)

 

وێنەکان: تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا  SUOMEN SOMALIA-VERKOSTO ، تاتو هیلتونین   TATU HILTUNEN

 

 

2019

 

٢٠١٩

 

خەرجەکانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بەیارمەتی سندوقی یەکێتی ئەوروپای تایبەت بە پەنابەری -، کۆچبەری و ئاوێتەبوون لە کۆمەڵگادا دابین کراوە

 

 

١ پێشینەکانی بڵاوکراوەکە و مەبەستەکانی

 

ئەم بڵاوکراوەیە چڕکراوەی ئەو ڕوونکردنەوەیەیە کە لەلایەن تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا ئەنجام دراوە لەژێر ناونیشانی ئەو کەسانەی کە پردی پەڕینەوە دروست دەکەن – ڕۆڵی ئاوارەکان لە بووژاندنەوەی سۆماڵیاو قۆچی ئەفریقیا. بڵاوکراوکە باس لەوە دەکات کە ڕۆڵی تۆڕەکانی ئاوارەکان و هاوکاریکردن لەگەڵ ئاوارەکان چیە لە دووبارە بنیاتنانەوەو بووژاندنەوەی نیشتیمانە ڕەسەنەکەیاندا. تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا وەکو نموونەیەکە بۆ ئەو جۆرە کارانە. تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا ڕێکخراوی چەترە بۆ ئەو ڕێکخراوە فینلەندییانەی کە لە سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیادا کار دەکەن. ئامانجی بڵاوکراوەکە ئەوەیە کە پرسیارە سەرەکییەکان و ئەو شێوازە کارکردنانەی کە لە وڵاتە ڕەسەنەکەیاندا هەیە بخاتە ڕوو بۆ ئەو کۆمەڵەیەی ئاوارەکان و ئەوانەی کە سەر بە ئاوارەکانن و ئارەزووی بابەتی بووژاندنەوەیان هەیە لەگەل ئەو ڕێکخراوانەی کە کاریان لەگەڵدا دەکەن، کۆمەڵەکان، کاربەدەستان و کەسانی تر کە ئارەزووی بابەتەکەیان هەیە. بڵاوکراوە ڕەسەنەکە پێکهاتووە لە ٣٦ لاپەڕە و لە ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێتی تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا بە زمانی فینلەندی دەبینرێت.  چڕکراوەکە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی فینلەندی، سویدی، ئینگلیزی، سۆماڵی، عەرەبی، داری و کوردی.

 

بڵاوکراوەکە بەشێکە لە چالاکیەکانی تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا لە ساڵی ٢٠١٩ کە لەلایەن پڕۆژەی پرۆسەی دیالۆگیا Dialogiprosessi ڕێك دەخرا. ئەو لایەنانەی کە وەکو هاوکاری پڕۆژەکە کاریان دەکرد بریتیبوون لە ڕێکخراوی چەتری ڕێکخراوە فینلەندیەکانی بواری هاوکاریی بووژاندنەوە Fingo هەروەها دەزگای گەیاندن و بووژاندنەوە Vikes . پرۆسەی دیالۆگیا بێجگە لەم بڵاوکراوەیە پێکهاتبوو لە چوار بۆنەی گفتوگۆکردنیش، کە تایبەت بوو بە ئاوارەکانی سۆماڵ و ئەفغانستان هەروەها عیراق و سووریا (بە کوردەکانیشەوە). ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەبوو کە گوێ لە ڕاوبۆچوونی ئاوارەکان بگیرێت سەبارەت بە دەرفەتی بەشداریکردنیان لە ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی ئاشتی و ئارامی لە نیشتیمانە ڕسەنەکانیاندا. خەرجەکانی پرۆسەی دیالۆگیا لەلایەن سندوقی یەکێتی ئەوروپای تایبەت بە پەنابەری -، کۆچبەری و ئاوێتەبوون لە کۆمەڵگادا دابین کرا. ئەو پڕۆژەیە وەکو بەشێك لە پڕۆژەی AUDA ی فەرمانگەی کۆچی فینلەندی و وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا و ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان جێبەجێ کرا (گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ عیراق و ئەفغانستان و سۆماڵ).

لەپێناو بڵاوکراوەکەدا چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەو کەسانەدا کرد کە چالاکانە لەکارەکانی تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا کاردەکەن یان لەگەڵیدان. ئەم بڵاوکراوەیە بەتایبەتی چەق دەبەستێتە سەر تاقیکردنەوەکانی ئاوارەکانی سۆماڵ و تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا. لە بڵاوکراوەکەدا لەگەڵ ئەوەشدا سوود لەو شتانەش وەرگیراوە کە لە پایزی ساڵی ٢٠١٩دا لە گفتوگۆ و سیمینارەکانی ئاوارەکانی عیراق و سووریا و کوردەکان و ئەفغانستان هاتوونەتە ئاراوە.

دەستنیشانکردنی دەرفەتەکانی ئاوارەکان تایبەت بە بووژاندنەوەی نیشتیمانە ڕەسەنەکەیان تەنها پەیوەندیە بەوەوە نیە کە دەبێت بەچی شێوەیەك ئاوارەکانی سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیا خۆیان ڕێکبخەن و چۆن لەنێوان خۆیاندا کار بکەن. تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا بەشێوەیەکی دیاریکراو بریتی نیە لە تۆڕی ئاوارەکان، بەڵکو ڕێکخراوێکی چەترە، کە ئەندامەکانی بریتین لەو ڕێکخراوانەی کە کاری بووژاندنەوە دەکەن لە سۆماڵ و قۆچی ئەفریقادا. لە بڵاوکراوەکەدا بەکورتی باسی ئەوە دەکرێت کە ڕۆڵی ئاوارەکانی سۆماڵ لەم داڕشتنەدا چیە و بەچی شێوەیەك تاکە کەسەکان کاریگەری پێناسەی ئاوارەیی لە بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی خۆیاندا دەبینن.

بڵاوکراوەکە بەڕێگای تۆڕی سۆماڵیای فینلەندی خۆی لە دەرفەتەکانی کارتێکردنی ئاوارەکان نزیك دەخاتەوە نەك هەوڵی ئەوە بدات کە وێنەیەکی گشتلایەنە سەبارەت بە ڕاوبۆچوونەکان و چالاکیەکانی ئاوارە سۆماڵیەکان لە فینلەندا بخاتە بەرچاو. پێش هەموو شتێکیش مەبەست ئەوەیە کە ئەو شتە بخرێتە ڕوو کە چۆن توانراوە لە تۆڕەکەدا پێکەوە ئەو بەهایانەی کە لایەنەکان پێکەوە دەبەستنەوە بدۆزرێنەوە لەگەڵ ئەو شێوازی کارانەی کە بەهۆیانەوە لە سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیادا کاری بووژاندنەوە باشتر دەکرێت.

 

٢ شێوازی جێبەجێکردن  

لەپێناو ئەم بڵاوکراوەیەدا سێ دانە چاوپێکەوتنی تاکەکەسی و یەك دانە چاوپێکەوتنی بەکۆمەڵ لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە لە تۆڕی سۆمالیای فینەلەندا کاردەکەن یان ئەو کەسانەی کە لەگەڵیدان ئەنجام دا. لە چاوپێکەوتنی بە کۆمەڵدا پێنج کەس لە ئەندامانی بەڕێوەبردنی ئێستادا بەشدارییان کرد کە هەر یەك لەوان نوێنەرایەتی ڕێکخراوێکی ئەندامی جیاوازی دەکرد. بەشیك لە گفتوگۆکان بە زمانی فینلەندی کران و بەشێکیان بەزمانی سۆماڵی. دوو کەس لەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا لە فینلەندا لەدایکبوونە، ئەوانی تر لە سۆماڵ و ناوچەکانی قۆچی ئەفریقا. لە چاوپێکەوتنەکاندا سەرجەم چوار ژن و سێ پیاو بەشدارییان کرد. ئەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا تەنها یەکێکیان نەبێت ئەوانی تر هەموویان سەر بە ئاوارەکانی سۆماڵ بوون.

لە چاوپێکەوتنەکاندا بناغەیەکی هاوبەش بۆ پرسیارەکان هەبوو، بەڵام بابەتەکە بریتی نەبوو لە چاوپێکەوتنی لێکۆڵینەوە، بەڵکو گفتوگۆیەکی شێوازکراوە بوو لەسەر ناونیشانی بابەتەکان. مەبەست وابوو کە بابەتەکان بەتایبەتی لە چوارچێوەی دەرفەتی بەشداریکردنی ئاوارەکانی تۆڕی سۆمالیای فینلەندا سنووردار بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوار بدرێت بە بابەتە جیاجاکانی تریش کە دێنە ئاراوە. چاوپێکەوتنەکان لە هێلسنکی بەشێوەی یەکتربینینی ڕاستەوخۆ ئەنجام دران لە مانگی یانزەی ٢٠١٩.

ئەم بڵاوکراوەیە بریتی نیە لە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەکی، بەڵام وەکو سەرچاوەی کتێب و نوسراوی بوارەکە و ڕاپۆرتی شارەزایانیان بەکارهێنراوە. لەکاتی پرۆسەی دیالۆگیدا لەپێشا بەشێوەیەکی یەك لەدوای یەك هەندیك چەمکی تێگەیشتنی سەرەکی هاتنە ئاراوە کە لە تاوتوێکردنی دەرفەتی کارتێکردنی ئاوارەکاندا دیاریکردنیان پێویست بوو. چەمکەکان لە گفتوگۆکان و چاوپێکەوتنەکاندا بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاتنە ئاراوە. هەڵبژاردنی چەمکە سەرەکیەکان لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە، ئەو بابەتانە چی بوون کە ئەو کەسانەی چاوپکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت لەگەڵ شارەزایان لە چاوپێکەوتنەکان و لەو گفتوگۆیانەدا کە لەکاتی پڕۆژەکەدا دەکران دەیانخستنە ڕوو.

٣ ئاوارەیی وەکو تاقیکردنەوە: ئاوارەیی و ناسنامە

کاتێك کە قسە لەسەر بەشداریکردن و کارتێکردنی ئاوارەکان دەکەین، پێویست دەکات ئەو شتە دیاری بکرێت کە، مەبەست لە ئاوارەیی چیە. لەم بڵاوکراوەیەدا دیاریکردن و ناسینەوەی چەمکەکان بەتایبەتی لەسەر ئەو تێبینیانە بەندە کە، ئەو شتانە چین کە نوێنەرەکانی ئاوارەیی و ئەوانەی کە لەگەڵ ئاوارەکاندا کار دەکەن دەیانخەنە ڕوو. هەرچەندە ئاوارەیی وشەیەکە زۆر بەکارهێنراوە، بەلام لەوانەیە خەلکانی جیاجیا و لایەنی جیاجیا کەمێك بۆ شتی جیاوازتر ئاماژەی پێ بدەن. ئەمەش باشتر وایە کە لەو کار و بڕیارانەدا کە پەیوەندییان بە ئاوارەییەوە هەیە لەچاوبگیرێت.

 

بەشێوەیەکی گشتی بە ئاوارە ئاماژە بەو کۆمەڵە خەڵکە دەکرێت کە بەهۆی ناچاریەوە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵاتی خۆیان و لەشوێنێکی دوور لە وڵاتی خۆیان نیشتەجێ بوونە. لە ئاوارەییدا بیریکردنی نیشتیمانی ڕەسەن هەیە (بۆ نموونە سۆماڵ) بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا ئەو کەسە لەوێ لەدایکبووە یان لەدەرەوەی ئەو وڵاتە (بۆ نموونە لە فینلەندا). هەمیشە لە ئاوارەییدا هاوشێوەیی چالاکانە دەلکێنرێت بە کولتوری وڵاتە ڕەسەنەکەوە، بەدواداچوونی هەواڵەکان و ڕووداوە نوێیەکان دەکریت، هەروەها کارتێکردنی کۆمەڵایەتیش دەکرێت. لەم بڵاوکراوەیەدا بە نیشتیمانی ڕەسەن ئاماژە بە وڵاتی سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیا دەکەین و بە وشەی فینلەنداش ئاماژە بە وڵاتی نیشتەجیبوون دەکەین. زۆر لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا هەرچۆنێك بێت بە وشەی سۆماڵ ئاماژەی بە نیشتیمانی ڕەسەن دەکرد، چەمکەکانیش تەنها یەك شیکردنەوەیان نیە.

 

یەکێك لە پرسیارەکانی چاوپێکەوتنەکان ئەوە بوو کە ” بوونت بە کەسێکی سەر بە ئاوارەکان بۆ تۆ چی مانایەك دەبەخشێت؟” بەو پرسیارە هەوڵی ئەوە درا کە بزانین ئەو کەسەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکرێت خۆی چی لە ماناکانی ئاوارەیی تێ دەگات و ئەو شتە چۆن دەبینێت وەکو بەشێك لە ژیانی تایبەتی خۆی و کەسایەتی خۆی. لەکاتی قسەکردن لەسەر ئاوارەیی کەسایەتی چەمکێکی سەرەکیە.

 

یەکێك لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە، دوای ئەوەی کە نیشتیمانی ڕەسەنی خۆی جێهێشتووە هەوڵی ئاوێتەبوون دەدات لەگەڵ نیشتیمانە نوێیەکەی و دەڵێت ئەم قۆناخە زۆر گرینگە. دوابەدوای ئەو قۆناخە ئینجا دەتوانێت یارمەتیدەربێت و شتێك لەپێناو نیشتمانی رەسەنی خۆیدا بکات. لە چاوپێکەوتنەکەدا لە پێناسەی ئاوارەییدا جەخت لەسەر ڕۆڵی کاری چالاکانە کرایەوە.  هەر هەمان کەس باسی ئەوەشی کرد کە دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان وشەی ئاوارە و پەناهەندە و کۆچبەر. ئەو دەیووت ئەو چەمکانە ئێستاکە لە فینلەندا بەبەراورد لەگەڵ جاران گەشەیان کردووە. ”لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٩٠دا ئێمە تەنها خەڵکانێکی بێگانە بووین. لە پاسەپۆرتەکەشماندا هەر وا نوسرابوو. بەڵام ئێستاکە گەیشتوینەتە ئەو پلەیەی کە وشەکە گۆڕاوە بە فینلەندیە تازەکان و ئاوارەی سۆماڵی فینلەندی finnish-somali-diaspora”.

هەرچەندە ئەوانەی کە لە فینلەندا لەدایکبوونە لە پێناسەکردندا بە ئاوارە دەژمێردرێن، بەڵام سەبارەت بە ناوەڕۆکی چەمکەکە مەرج نیە هەموو کاتێك لە ناوەڕۆکی چەمکی ئاوارەدا هاوڕایی هەبێت. یەکێك لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە دەڵێت ” من بەلامەوە سەختە ئەو گەنجانەی کە لێرە لەدایکبوونە وەکو ئاوارە ببینم ئەگەر ئەوانە سەردانی نیشتیمانی ڕەسەنی خۆیان نەکردبێت”.

کەسێك لەوانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە و لەدایکبووی فینلەندایە، بەو شێوەی باس دەکات کە، ئەو لە ژیانیدا هەمیشە  کێشەی ئەوەی هەبووە کە لە نێوان دوو کولتووردا کەسایەتی خۆی دیاری بکات. ئاوارەی سۆماڵی بۆ ئەو بە مانای دۆزینەوەی ”کولتووری خۆی” و هەستی ئەوەی کە سەر بە کۆمەڵە خەڵکێکە. ئەو وا هەست دەکات کە، ئاوارەیی بەشێوەیەك لە شێوەکان زیاتر ماڵێکە وەکو سۆماڵ یان فینلەندا. بۆ نموونە دەڵێت، ئەو وا هەست دەکات کە لە ئاستێکی گشتیدا دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاسانتر هاوشێوەی ئاوارە سۆماڵیە گەنجەکانی وڵاتانی تری ئەوروپا بێت و کەمتر وەکو لەوانەی کە لە سۆماڵ لە دایك بوونە یان لەوێ دەژین.

ئەو کەسە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرا دەڵێت، لە فینلەندا تاکو ئێستاش زۆر جار ناچار دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە دەلێن ” لە ڕاستیدا خەڵکی کوێیت” یان ”دایك و باوکت خەلکی کوێن”. دەڵێت ئەوەندە گوێی لەو پرسیارانە بووە کە لێیان بێزار بووە و وا ڕاهتووە کە لە وەڵامدا بڵێت من سۆماڵیی فینلەندام. هەروەها دەڵێت ” شتێکی سەیرە، چۆن دەکرێت کولتورێك یان وڵاتێك بەبەردەوامی لە ژیانی ڕۆژانەتدا بەشێوەیەکی بەهێز هەبوونی هەبێت لەکاتێکدا تۆ هەرگیز لەوێ نەژیاویت یان نەچویتە بۆ ئەوێ”. ئەو خۆی لەگەڵ دەستەواژەی ‘کۆچبەری نەوەی دووەم’ نابینێتەوە، بەڵکو وا هەست دەکات کە ئەو شتە جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکان دروست دەکات، هەرچەندە کە کەسایەتی کولتوری دایك و باوکەکەی لەژیانیدا هەبوونی هەیە.

زۆر لەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا، بەبێ گوێدانە تەمەن یان ڕەگەزی نێر و مێ، دەیانووت ئێمە زیاتر هاوشێوەی ئاوارەی سۆماڵیین لەوەی کە هاوشێوەی ئەو سۆمالیانە بین کە لە سۆماڵ لەدایکبوونە و لەوێ دەژین. هەروەها زۆریان خۆیان بە هاوشێوەی گروپە ئاوارەکانی تر دەبینن زیاتر لە ئاوارەی سۆماڵی. لە یەکێك لە چاوپێکەوتنەکاندا شتەکە بەم شێویە داڕێژرا: ”ئاوارە بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ ئە مرۆڤانەی کە شوێنی خۆیان نەگرتووە، ئەویش مانای وایە کە، بیریکردنی نیشتیمانی ڕەسەنیشیان شتێکی گەورەیە”. لەو کاتەدا خەیالی مرۆڤ بەبەردەوامی لەم شوێنەدا ئامادە نیە، بەڵکو خەیاڵی بەبەردەوامی بیری ماڵ دەکات و لەنێوان دوو شوێندا دەمێنێتەوە”.

 

بەداخەوە، تاقیکردنەوەکانی ڕاسیسزم و پەراوێزکردن و هەست کردن بە دابڕان بەدەوری خۆیان ئەندامانی ئاوارەیی یەکگرتوو دەکەن. لەلایەکی تریشەوە لەناوخۆی ئاوارەکانیشدا جیاوازی  بەهێزی ڕاوبۆچوون و پەراوێزکردن دەردەکەوێت. پەراوێزکردن و ڕاسیزم هەندێك جار لەشێوەی کردەویی ڕاستەخۆ یان پەلاماردانی جەستەیی دەردەکەون. هەروەها پەراوێزکردن لە فینلەندا بە لێکۆڵینەوە زانراوە کە بۆ نموونە لە چوارچێوەی ژیانی کارکردن و مەشق کردندا دەردەکەوێت. لە ژیانی ڕۆژانەدا پەراوێزکردن لەشێوازی وردە شەڕانگێزیدا دەردەکەوێت، کە لەو کاتەدا کەسێك بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە هۆشیاریەوە یان ناهۆشیاری هەستی کەسێکی ئاوارە بریندار دەکات. نموونەیەکی ئاسایی بۆ ئەم شتە ڕەنگە بەتایبەتی ئەوە بێت کە لە گەنجێکی سۆماڵی کە لە فینلەندا لەدایك بووە دەپرسن ”لە ڕاستیدا” لەکوێ لەدایکبوویتە و وای دادەنێن کە ئەو کەسێکی فینلەندی نیە. تاقیکردنەوەی دابڕان هەندێك جار بۆی هەیە ئارەزووی ئەوە زیاد بکات کە ئەو کەسە بەدوای ئاوارەکانی تردا بگەڕێت و خۆی تێکەڵ بەوان بکات.  ئەمەش بۆ زۆر کەس سەرچاوەی توانایەکی کەسێتیە، بەڵام لەلایەکی تریشەوە کێشەیەکە بۆ ئاوێتەبوون و خۆشگوزەرانی لەکاتێكدا کە ئەو کەسەی سەر بە ئاوارەکانە واهەست دەکات کە لە کۆمەڵگای فینلەندیدا ترازاوە.

 

 

٤- وەکو کاراکتەری ئاوارە

٤-١ دروستبوون و چالاکیەکانی تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا

 

تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزرێنرا و لە ساڵی ٢٠٠٩ وەکو کۆمەڵەیەك بەفەرمی تۆمارکرا. ئۆفیسی تایبەتی تۆڕەکە لە ساڵی ٢٠١٤ کرایەوە و لە تۆڕەکەدا ٥-٦ کەس کار دەکەن. دوابەدوای دامەزراندنەکە لە لایەنە جیاجیاکانەوە بەڕادەیەکی زۆر پارەی خەرجیەکان بۆ تۆڕەکە سەرف کراوە و بەدرێژایی ساڵەکان جۆری پڕۆژەکانی باشتر کراوە و کراوەتە شێوازی پیشەییانە. لە ئێستادا تۆڕەکە وەکو ڕێکخراوێکی چەتر بۆ ٣٢ ڕێکخراوی ئەندام کاردەکات و وەکو ڕێکخەری سێ دانە پڕۆژەی هاوکاری بووژاندنەوە لە سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیادا کاردەکات. هەروەها تۆڕەکە مەشق بە ڕێکخراوە ئەندامەکان دەکات بۆ نموونە تایبەتی لە بواری باشترکردنی کارگێڕی و کاری ڕکخراوەییدا. توانراوە بەشداریکردن بە گەنجەکانیش بکرێت بەتایبەتی بەڕێگای چالاکیەکانی Impact Academy، کە تیایدا مەشق و ڕاوێژکاری تایبەت بە چالاکی کۆمەڵایەتی و ژیانی کارکردن پێشکەش دەکرێت. چالاکیەکە کراوەیە بۆ هەموو ئەو گەنجانەی کە ئارەزوویان لەسەری هەیە بەبێ گوێدانە بنەچەکی ئەو کەسە.

 

تۆڕی سۆماڵیەکانی فینلەندا لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە گەشە بە کارەکانی دەدات و ڕێکخراوە ئەندامەکانیشی زیادیان کردووە. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابوردوودا ئاستی هۆشیاری تۆڕی سۆماڵیای فینلەندا باشتر بووە و لە فینلەندا لەگەڵ چەندین لایەنی بواری چالاکی ڕێکخراوەیی کار دەکات. زۆربەی زۆری ئەو ڕێکخراوانە ڕێکخراوی ئاوارەکانی ناوچەکانی سۆمال و قۆچی ئەفریقیان، بەلام چەندین ڕێکخراوی تریش هەن کە سەر بە ڕێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕی سۆمالیای فینلەندان. لە بەشێکی زۆری گفتوگۆکاندا باسی ئەو شتە دەهاتە پێشەوە کە، هاوکاریکردن لەگەڵ لایەنە فینلەندیەکانی تر (نا ئەوانەی کە سەر بە ئاوارە سۆماڵیەکانن) دەبێتە مایەی باشترکردنی دەرفەتی کارتێکردن، بەتایبەتی لە بواری کاری هاوکاریکردنی بووژاندنەوە، چونکە ئەو شتە چەندین ڕاوبۆچوونی جیاجا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت لەگەڵ ناسینی مەیدانی ڕێکخراوەیی فینلەندی و نەریتەکانی کارکردن. ئامادەبوونی ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کە فینلەندین و سەر بە ئاوارەکانی سۆماڵ نین لە بارودۆخە جیاجیاکاندا هەندێك جار دەبێتە مایەی کەمبوونەوەی گرژیە ناوخۆییەکانی ئاوارەکان. کاتیك کە بەتایبەتی تەرکیز دەکەینە سەر چالاکی، بۆ نموونە لە پڕۆژەی هاوبەشدا، ئەوساکە ئاسانتر وایە کە بەبێ گوێدانە جیاوازی ڕاوبۆچوونەکانی ناو گروپەکە (سیاسەت، عەشیرەت، ئایین) کاربکرێت. هەرچەندە لە کارەکاندا خەڵکی بە بنەچەك فینلەندی بەشداری دەکەن، بەڵام زۆربەی زۆری چالاکوانەکانی تۆڕەکە و ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیەکە نوێنەری ئاوارە سۆماڵیەکانن. لەڕاستیدا پرسیارەکە ئەوەیە کە پێش هەموو شتێك لەنێوان بنەچەکە جیاجیاکان و شێوازەکانی کارکردنەکاندا شێوازێکی هاوکاریکردن کە کاری پێ بکرێت بدۆزرێتەوە.

 

کاتێك کە بمانەوێت دەرفەتەکانی کارتێکردنی ئاوارەکان (یان هەر کۆمەڵە خەڵکێکی تر) بەشێوەی  چالاکوانی ڕێکخراوەیی باشتر بکەین، دبێت سەرنج بدەینە یەکسانی کارەکان و پیشەگەرێتی. کەسێك  لەوانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرا کە لە دامەزراندنی تۆڕی سۆماڵیەکانی فینلەندا بەشدار بووە، باسی دروستبوونی تۆڕەکەی بەو شێوەیە دەکرد کە، نوێنەرەکانی ئاوارەیی لەو شتە بێزاربوون کە لە لەو کاتەدا لە نێوان فینلەندا و سۆماڵ چەندین پڕۆژەی جیاواز هەبوو بەڵام پێ ناچوو ئەنجامەکانیان باشترین شێوە بووبێت. ئەو پێی وابوو کە لەوەدا بێتاقەت بوون کە هەر گروپێك دەستی بە پڕۆژەکەی خۆیەوە دەگرت. دواتر تێگەیشتین کە بە هاوکاریکردن و خۆڕێکخستنەوە دەتوانین بەشێوەیەکی باشتر یارمەتیدەربین بۆ بووژاندنەوەی ناوچەکانی سۆماڵ. بەهەر حاڵ ئەم تێگەیشتنە بەخێرایی نەهاتە ئاراوە، بەڵکو پرۆسەکە چەندین ساڵی خایاند. بینرا کە پێکەوە کات بەسەربردن و پێکەوە دانیشتنی بەرجەستەیی و گفتوگۆکردن ڕۆڵێکی گرینگ دەبینێت، هەرچەندە کە پێشکەوتنەکان تا ڕادەیەك بەهێواشی ڕوویان دەدا. چڕکردنەوەی هاوکاریەکان لەسەر ئەو بنەمایە نەبوو کە هەموو بۆچوونە جیاوازەکان چارەسەر بکرێن، بەڵکو لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە لایەنە جیاجیاکان لەوە تێگەیشتن کە خۆڕێکخستنەوەی هاوبەش لە خزمەتی ئامانجەکانی خۆیان و هەروەها ئامانجە هاوبەشەکانی ئاوارەکاندایە، کە دەکرێت بەشێوە گشتیەکەی بووترێت ئەوەش بووژانەوەی سۆمال و قۆچی ئەفریقیایە.

لە چاوپێکەوتنەکاندا پرسیاری ئەوەمان کرد کە، چی شتێك دەکرێت ئامانجی هاوبەش بێت بۆ ئاوارەکان. دۆزینەوەی یەك دانە ئامانجی هاوبەش بۆ ئاوارەکان ڕەنگە لە ڕووی بنەماوە ئامانجێکی نا واقیعی بێت، ئەم قسەیەش زۆر جار ئەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا دووپاتیان دەکردەوە. ئاوارەکان کۆمەڵە خەڵکێکی هاوتا نین و ڕەنگە لەناویاندا جیاوازی ڕاوبۆچوونی زۆر بەهێزیش هەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆریان باوەڕیان وابوو کە سەرەڕای ئەوەش کە هەر کەسەو ڕاوبۆچوونی جیاوازی هەیە، بەڵام بواری پێکەوە کارکردنیش هەیە. دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی ئەوەش بووترێت کە، هەرچەندە ئاوارەکان یەك ئامانجی هاوبەشیان نیە، بەلام دەکرێت نوێنەرەکانیان هەندێك ئامانجی بچووکی هاوبەشیان هەبێت و هیچ نەبێت لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجانە کاربکرێت.

یەکێك لە ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیەکە دەیووت، ئەو دژایەتی بیرکردنەوەی عەشایەری دەکات و هەر لەسەرەتاوە وا هەستی کردووە کە لە تۆڕەکەدا ئەو بابەتە کێشەیەك نەبووە. دەڵێت ” پێکەوە شتەکانمان بەشێوەیەك ئەنجام دا کە، تەرکیز کرایە سەر پێویستی”، هەروەها دەیووت، ئەو خۆی نەچووە بۆ سۆماڵ بۆ ئەنجامدانی کاری هاوکاریی بووژاندنەوە، بەلام لە فینلەندا لە نزیکەوە ئەوەی بینیوە کە ”لە مەیدانی ڕێکخراوەییدا چۆن کار دەکرێت و چۆن دەکرێت بەشێوەیەکی بەهێز ئیدارە بدرێت”. ئەو کەسە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرا دەیووت، ئەو شتە کاری لێکردووە کە بە بنەچەك سۆماڵیەکان و فینلەندیەکان پێکەوە کاردەکەن و لەپێناو باشترکردنی بارودۆخەکانی سۆماڵ بەتەواوی بێلایەنی دەنوێنن. دەڵێت ”هەموو شتیك سیاسەت نیە، وەکو ئەوەی کە من لەوە پێشتر تێگەیشتبووم”. لە گفتوگۆکاندا ڕێکخراوی چەتر بە پێوەندێکی گرینگ دانرا لەنێوان ڕێکخراوە جیاجیاکاندا ووا دەبینرا کە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان بەهێزتر دەکات. چەندین کەس باسی ئەوەیان کرد کە ڕێکخراوی چەتر بۆ ئاوارەکانی سۆماڵ شتێکی گرینگە و لەنێوان لایەنە جیاجیاکاندا وەکو پردێك کار دەکات.

کەواتە هۆی ئەوە چیە کە بەتایبەتی کارەکانی تۆڕی سۆماڵی فینلەندا سەرکەوتوو بووە و ئایا دەکرێت نموونەی کارەکانی ئەم تۆڕە کۆپی بکرێت و لایەنەکانی تر بەکاری بهێنن؟ لە چاوپێکەوتنەکاندا دەرکەوت کە گرینگی تۆڕی سۆماڵی فینلەندا تەنها لەڕووی بنەماوە نیە، بەلکو یارمەتیدەرە بۆ کاروبارەکانی ڕۆژانەی ڕێکخراوە ئەندامەکان، لە ڕێکخستنی سیمینار، لە پێشکەشکردنی داوای پارەی پڕۆژە، لە پێکەوە ڕێکخستنی پڕۆژەکان و گەیاندنەکاندا. وا بینرا کە سەرکەوتنی تۆڕی سۆمالی فینلەندی یان هەر تۆڕێکی تر کە لەگەڵ ئاوارەکاندا کاربکات لەسەر ئەوە بەندە کە لە ڕووی سیاسی و بیروباوەڕەوە بێلایەن بێت. لەو کاتەدا ئیتر هیچ کەسێك لەسەر ئەو بنەمایە پەراوێز ناکات کە بنەچەکی چیە و ڕاوبۆچوونی یان ئایین و بیروباوەڕی چیە.

 

 

 

٤-٢ شارەزایی

 

لە ڕاستیدا دەکرێت ئەو کەسانەی کە سەر بە ئاوارەکانن بە کەسانی شارەزای تاقیکردنەوەکان دابنرێن: تەنها ئەوانەی کە بە بنەچەك سۆماڵین دەزانن سۆماڵی بوون چی هەستێکی هەیە. کاتێك کە باسی چالاکی ڕێکخراوەیی و هاوکاری بووژاندنەوە دەکەین، گرینگە ئەوەمان لەبیربێت کە، شارەزایی تاقیکردنەوەو پەیوەندی کەسێتی بە نیشتیمانەوە مانای شارەزایی پیشەیی نیە. لەبەر ئەوە گرینگە کە تاقیکردنەوەی ئاوارەیی بە زانینی پیشەییەوە ببەستینەوە، ئەو تاقیکردنەوانەش چی لەناو ئاوارەکاندا و چی لەدەرەوەیی ئەواندا دەدۆزرێنەوە.

 

کاتێك کە پێویستیەکانی ئاوارە دەستنیشان دەکەین، گرینگە کە بەپلەی یەکەم تاقیکردنەوەی تایبەتی ئاوارە لەبەرچاو بگیرێت. لە بەشێکی زۆری گفتوگۆکان و چاوپێکەوتنەکاندا باسی ئەوە هاتە پێشەوە کە، چۆن لە میدیا فینلەندیەکاندا، لە لێکۆڵینەوەکاندا و لە گفتوگۆ سیاسیەکاندا قسە لەسەر کەمایەتیە بە بنەچە بێگانەکان دەکرێت (بۆ نموونە ئاوارەکان، پەنابەرەکان، داواکارانی پەنابەری، کۆچبەرەکان) بەبێ ئەوەی کە خۆیان بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری قسەکان بکەن و زانیاریەکانی خۆیان باس بکەن و بڵاوی بکەنەوە. هەروەها دەرکردنی ئەو بڕیارانەش کە پەیوەندییان بە ئاوارەکانەوە هەیە زۆر جار بەبێ نوێنەرایەتی ئاوارەکان دەکرێن. لە کۆمەڵگەی فینلەندیدا دەبێت بایەخی زیاتر بەوە بدرێت کە کێ قسە دەکات و لەجیاتی کێ قسە دەکات. زۆرێك لەو کەسانەی کە سەر بە ئاوارەکانی سۆماڵ یان وڵاتانی ترن ڕایان وابوو کە، دەبێت نوێنەرەکانی ئاوارەکان بەشێوەیەکی چالاکانەتر لە داڕشتن وجێبەجێکردنی پڕۆژە جیاجیاکاندا بەشێوەیەکی یەکسان بەشداری بکەن، نەك داوایان لێ بکەین کە قسەی خۆیان بکەن یان نۆرەی قسەکردنیان ”پێ بدەین”. ئەمەش دەکرێت ئەوە بگەیەنێت  کە حەقی وایە بەر لەوەی قۆناخی داڕشتنی پلانی  تیمی کار و پڕۆژە جیاجیاکان دەست پی بکرێت، کۆمەڵە خەڵکێکی زیاتر فرەلایەن کۆبکرێتەوە و لەوێدا بایەخی زیاتر بدرێت بەوەی کە وەکو کارمەند و شارەزا بۆ ئەو کارانەی کە تایبەتن بەئاوارەکان کەسانی سەر بە ئاوارەکان لەو کارانەدا دابمەزرێنرێن.

 

دەرفەتەکانی کارتێکردن و بەشداریکردنی ئاوارە لە نیشتیمانی ڕەسەندا بەشێوەیەکی گەورە بەندە بە بارودۆخی ئاسایشی وڵاتەکەوە، کە بۆ نموونە لە زۆر شوێنی سۆماڵدا تاکو ئێستاش ئەو بارودۆخە لاوازە. هەرچەندە سۆماڵ وەکو وڵات بەرە بەرە بەرەو باشتر گەشە دەکات، بەڵام زۆر کەم کەس هەن کە بیانەوێت بەشێوەی ئارەزوومەندانە بگەڕینەوە بۆ ئەوێ. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە فینلەندا کراون زۆرێك لە داواکارانی پەنابەری کە لە سۆماڵەوە هاتوون دوای ئەوەی کە بڕیاری پەنابەریەکەیان بە ڕەفز وەرگرتووە پێیان باشتر بووە کە بەشێوەی بێ مۆڵەت لە فینلەندا بمێننەوە بەڵام نەگەڕێنەوە بۆ سۆماڵ. هاوکات لەگەڵ بەرنامەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەدا دەکرێت چەمکی ئارەزوومەندانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، چونکە لەهەندیك بارودۆخدا کاتێك کە کەسەکە نایەوێت ئارزوومەندانە بگەڕێتەوە، ئەوساکە یان دەبێت ئەو کەسە هەرچۆنێك بێت بگەڕێندرێتەوە یانیش بەبێ مۆڵەت بمێنێتەوە. ئەگەر بێتو گەڕانەوەکەی بە مانای وشەکە ئارەزوومەندانە نەبێت، ئەوسا لەوانەیە سیستەمەکە ژیانی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بخاتە مەترسیەوە و مافە مرۆڤایەتیەکانیان پێشێل بکات. لە پایزی ٢٠١٩دا فینلەندا یەکەمین حوکم درا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە، چونکە ئەو پیاوەی کە لە فینلەنداوە بۆ عیراق گەڕێندرایەوە دوای ئەوەی کە گەیشتەوە عیراق لەوێ کوژرا. هەرچەندە جیاوازی تاکە کەسی و ناوچەیی هەیە، بەڵام مەترسیە ئاسایشیەکان بەشێوەیەکی زۆر دەرفەتەکانی گەڕانەوە و ئیدارەکردنی ئاوارەکان لە نیشتیمانی خۆیاندا سنووردار دەکەن.

 

کاتێك کە باس لەسەر گەڕانەوە بۆ نیشتیمان دەکرێت دەبێت سەرنج بەو شتە بدرێت کە ئەگەر کەسێك بەشێوەی یەکجارەکی بگەڕێتەوە یان بگەرێندرێتەوە بۆ نیشتیمانی خۆی، دەکرێت زیاتر بە کەسێکی کۆچبەری گەڕاوە بۆ نیشتیمان پێناسە بکرێت نەك وەکو ئاوارەیەك. بەڕێگای کارەکانی هاوکاری بووژاندنەوە و ئەو چالاکیە ڕێکخراوەییانەی کە لە فینلەندا ئەنجام دەدرێن دەکرێت تەنانەت لەو کاتانەشدا کە بارودۆخی ئاسایش دەرفەتی گەڕانەوەی یەکجارەکی نادات یارمەتیدان بۆ بواژەنەوەی نیشتیمانی ڕەسەن هەبێت. کاتێك کە بارودۆخەکە گونجاو دەبێت، لەو کاتەدا بەناوی کاری یارمەتیدان بۆ گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ نیشتیمانی ڕەسەن زۆر جار تاقیکردنەوەیەکی پۆزەتیڤ و بەسوودە. یەکێك لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە دەڵێت ”کاتێك کە دەگەیتەوە شوێنی خۆت، ئینجا دەتوانیت بەکارکردن یان بە ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی لە ڕێکخراوە جیاجیاکاندا هەوڵەکانی خۆت پێشکەش بکەیت”. ”پاڵنەرەکە لەم شتانەوە دەردەچێت”.

 

ئەو کەسە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرا باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن دەتوانرێت بەچەندین شێوازی جیاجیا پردی پەیوەندی دروست بکرێت: بە پیشەو بە زانین، بە کاری بازرگانی یانیش بە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان. ” بەڵام دەبێت پاڵنەرە هەرە گەورەکە ئەوە بێت کە لەپێناوی نیشتیمانەکەتدا چی بکەیت: پاڵنەری من ئاوەدانکردنەوەی سۆماڵە لەگەڵ ئەوەی کە لەوێ کار بکەم، بەتایبەتی ئەو کارەی خۆم کە بە کارکردن لە تۆڕی سۆماڵی فینلەندا دەستم پێکرد. پێش ئەوە سەردانی سۆماڵم زۆر نەدەکرد.”

 

 

٤-٣ زمان و ئایین

 

لە جیهاندا ئاوارەی سۆماڵی بەشێوەیەکی گشتی دوو شت یەکیان دەخات: زمان (سۆماڵی) و ئایین (ئیسلام). هەرچەندە کە جیاوازیشیان هەیە، بەڵام زۆر لەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا هەستیان بەهێزی ئەو دوو شتە دەکرد کە یەکیان دەخات. ئەو دوو شتەیان وەکو ڕێوشوینێك دەبینی کە یارمەتییان دەدات لەوەی کە پێکەوە کاربکەن و ئامانجی هاوبەشیان هەبێت.

 

ئەگەر لەناو ئاوارەکاندا چەندین زمانی فەرمی جیا جیا بەکاربێنرێت، هەمیشە سیاسەتی هەڵبژاردنی زمان دەردەکەوێت. لەو کاتەدا هەموو ئاوارەکان یان هیچ نەبێت زۆربەی زۆریان بەهەمان زمان قسەیان لەگەڵدا ناکرێت، هەر لەبەر ئەوەوو لەو حاڵەتەدا دابەشکردنی زانیاریەکان بەشێوەیەکی یەکسان ناگاتە هەموویان. بەجیاواز لە ئاوارەکانی سۆماڵ، زۆر لە گروپە ئاوارەکانی تر بەسەر گروپە زمانی جیاجیادا دابەش بوونە. بۆ نموونە لەناو ئاوارەکانی عیراق و سوریادا زۆرینەیان بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، بەڵام بەشێکیش لە دانیشتوانەکە خۆیان بە کورد دەزانن و زمانی کوردی (سۆرانی یان کرمانجی) بە زمانی دایکی خۆیان دەزانن. هەروەها لە ناوچە جیاجیاکاندا زمانی تریش هەیە. هەر لەبەر ئەوەش ئەگەر لەو شوێنانەدا لەپێناو گەیاندندا زمانی عەرەبی، کوردی یان زمانێکی تر بەکاربهێنرێت ئەوە لە ڕووی سیاسیەوە گرینگیەکی گەورەی هەیە. بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێین کە، زمانی هاوبەش یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی ئامانجە هاوبەشەکان چی لە ئاستی ئەو ئاوارانەی کە لە وڵاتێکی دیاریکراودا دەژین و چی لە ئاستی ئاوارەیی جیهانیدا. لە چاوپێکەوتنەکاندا زمانی سۆماڵی وا هەستی پێ دەکرا کە سەرچاوەیەکە بۆ توانای پێکەوە کۆکردنەوە. هەندێك جار لە نێوان ئەو خەڵکانەی کە سەر بە گروپە ئاوارەیەکن، ئەگەر بەشێك لەوانە زمانی وڵاتە ڕەسەنەکە بەکاربهێنن و بەشەکەی تریانیش (تەنها) زمانی ولاتە نوێیەکەی بەکاربهێنێت بۆی هەیە لەنێوانیاندا ”دیواری زمان” دروست بێت. چەندێك زۆرتر نەوەی ئاوارە لە فینلەندا لەدایکبووبێت، ئەوەندە زیاتر ئەوانە بێجگە لە زمانی دایکییان کە سۆماڵیە یان لەجیاتی سۆماڵی بەزمانی تر قسە دەکەن. لەلایەکی ترەوە پەیوەندی ئەو خەڵکە بە زمانی سۆماڵیەوە بەڕێگای پەروەردە و خێزان و پەیوەندیکردن بە سۆماڵەوە دەمێنێتەوە. بەهەر حاڵ لە کارو چالاکی تۆڕی ئاوارەکان و بەتایبەتیش لە بەشداریکردنی گەنجەکانیان لە پلان داناندا چاکتر وایە گرینگی زمان لەچاو بگیرێت.

 

هەندێك لەوانەی کە ماوەیەکی دوورودرێژە لە فینلەندا ژیاون، بەتایەتیش سۆماڵیە بەتەمەنەکان، وای دەبینن کە بەگوێرەی پێویست فێری زمانی فینلەندی نەبوونە تاکو ڕەگەزنامەی فینلەندییان پێ بدرێت یان بتوانن بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە کاروبارەکانی خۆیان لە کۆمەڵگاکەدا جێبەجێ بکەن. بەشێك لەو گەورە تەمەنانەی کە لە دەیەکانی پێشووتردا هاتوون بۆ فینلەندا – هەروەها بۆ نموونە بەشێکیش لەوانەی کە لەم ماوانەدا وەکو داواکاری پەنابەری هاتوون – کەسانێکی نەخوێندەوارن. فێروبوونی بەهرەکان لە فینلەندا بۆ ئەوانە سەختە، چونکە ئەو کەسانە بیجگە لە توانای نوسین و خوێندن دەبێت فێری زمانێکی تازە و کولتوورێکی تازە و شتە سەرەکیەکانی چوونە قوتابخانەش ببن. باشتر وایە کە لە چالاکیەکانی تۆڕی ئاوارەکاند کەسە نەخوێندەوارەکان لەبەرچاوبگیرێن، چونکە ئەوانە لەچاو ئەوانەوە کە زمان دەزانن و خوێندنی باشیان تەواو کردووە لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی زۆر ناسکدان. یەکێك لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە وا باس دەکات کە، لەناو خەڵکە سۆماڵیەکاندا بەتەنگەوەهاتنی یەکتر دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی ئەندامەکان لەیەکتر. دەڵێت ”پێویستە لەسەرمان سەرمایە بخەینە کاری فێرکاریەوە”. ”هەروەکو چۆن دار پێویستی بە ئاودانی بەردەوام هەیە”. ئینجا دەڵێت: ”پێویستە خەڵکەکە هان بدرێن بۆ خوێندن، نەك فێرکردن. چۆن دەتوانین ژنانی ماڵ کە دانیشتووی فینلەندان هان بدەین بچن بۆ خوێندن، بەشێوەیەك کە ئەوانیش زیاتر چالاك بن و منداڵەکانی خۆیان هان بدەن بۆ نموونە بۆ کارکردن لە تۆڕەکەد؟”

هەمان ئەو کەسە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە دەیووت، لەناو خەڵکە ئاوارەکەدا گرینگە لەو شتە تێبگەین کە، بۆ نموونە دوابەدوای چەند ساڵێك خوێندن  زانیاریەکان و داهاتەکانی ئەو کەسە کە خوێندنەکەی تەواوکردووە زیاتر دەکات. ئەو دەیووت، پێویستە واز لەو شێوازی بیرکردنەوەیە بهێنرێت کە لە ماوەیەکی کورتدا بگەیتە ئامانج. چونکە لەو کاتەدا ”ژنانی ماڵ چیتر لەو خول و مەشقی کارکردنانەدا نامێننەوە کە تیایدا چیتر فێری شتی زیاتر نابن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیان زیاد ناکات”. بەیارمەتیدانی دایك و باوکەکان دەکرێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەو گەنجانەش بکرێت کە زۆر جار پێویستییان بە یارمەتی تایبەت هەیە بۆ نەشونماکردنیان لەنێوان دوو کولتووردا.

 

 

٤-٤ متمانە و یەکسانی

 

یەکێك لەو چەمکانەی کە لە چاوپێکەوتنەکان و لە بۆنەی گفتوگۆکاندا زۆر جار دەهاتە ئاراوە بریتی بوو لە متمانە. متمانە لە بارودۆخە جیاجیاکاندا بەشێوەیەکی ورد پێناسە نەدەکرا، بەڵام دەکرێت ئاماژەبێت بە متمانە لەناو ئاوارەکاندا، متمانە لەنێوان ئاوارەکان و کۆمەڵگەی فینلەندیدا، هەروەها متمانە لە نێوان ئاوارەکان و دانیشتوانەکەی وڵاتە ڕەسەنەکە.

 

متمانە شتیکی گرینگە کاتێك کە ئاوارەیەك دەچێت بەشداری دەکات لە کاری یارمەتیدان لە سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیا. لەلایەکی ترەوە ئاوارە و خەڵکی تریش بەرامبەر بە ئاوارە بێ متمانەو گوماناوی دەبێت. هەندێك جار ئەو کەسانەی کە سەر بە ئاوارەکانن وا تەماشا دەکرێن کە ئەوان لەچاو خەڵکە ناوچەییەکانەوە دەرفەتی باشتریان هەیە بۆ نموونە بۆ پەیداکردنی کار و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان.هەروەها ئەو کەسانەی کە سەر بە ئاوارەکانن نموونەی هەڵسوکەوت و جلوبەرگ لەبەرکردن و بەها کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە کە لە نیشتیمانە ڕەسەنەکەدا خۆیانی لێ لادەدەن. هەروەها جاری وا هەیە ڕەنگە چاوەڕوانی شتی گەورە لە ئاوارە بکرێت بۆ نموونە دەوڵەمەندی. لە فینلەندا ئەو کەسانەی کە سەر بە ئاوارەکانن زۆر جار کەسانی سەر بە ئاوارەکانی سۆماڵ زۆر بە باوەڕەوە بە کەسانی شارەزای سۆماڵ دادەنرێن، کەچی لە سۆماڵدا زۆر جار ئەو کەسانە بە کەمێك دەرەکی دادەنرێن. لە زۆر حاڵەتدا نوێنەرەکانی ئاوارەکان هەرچۆنێك بێت بەڕێگای پەیوەندیە کەسێتیەکان و هەروەها شارەزایی کولتوری و ئایینی متمانە دروست دەکەن.

 

پێویستە لەسەر کاربەدەستان و ڕێکخراوەکان کاتێك کە پلانی هاوکاریکردن لەگەڵ ئاوارەکان دادەنێنن، شێوازەکانی کارکردنی کولتورە جیاجیاکان لەبەرچاو بگرن. لەلایەن ئەو کۆمەڵە ئاوارەیەشەوە کە هەوڵی خۆ ڕێکخستن و بەشداریکردن دەدەن لە کارتێکردنی کۆمەڵگادا، ئەوە لەبەرچاو بکرن کە لەکاری ڕێکخراوەیی و کۆمەڵەدا ئوسوڵی کارکردنی جێگیر هەیە، کە پابەندبوون بەو شێوازانە کاریگەری دەبێت بۆ دەرفەتی بەشداریکردن. بۆ نموونە کاربەدەستان و سیاسەتمەداران دەتوانن بەشێوەیەکی ئاسانتر ئەو کۆمەڵە تۆمارکراوانە بدۆزنەوە کە شێوازی کارکردن و هەیکەلێکی ڕوونیان هەیە. ئەگەر گروپی ئاوارە خۆی ڕێك نەخستبێت و نوێنەری نەبێت و زانیاری چۆنێتی پەیوەندی پێوەکردنی نەبێت، ئەوساکە لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتیەکان و دەرکردنی بڕیارەکاندا کەس دەنگی نابیستێت. کۆمەڵگەی فینلەندی ڕۆڵی گرینگی خۆی لەوەدا هەیە کە هەوڵ بدرێت بەشێوەیەکی چالاکانە پەیوەندی بکرێت بە تۆڕەکانی ئاوارەکانەوە، تاوەکو ئەوانیش بتوانن بەشداری بکەن لەو کارانەی کە تایبەتن بە بووژاندنەوەی نیشتیمانە ڕەسەنەکەیان.

 

گرینگە ئەوەمان لەبیربێت کە، ئاوارەکان یەك دەنگ نین و هەموویان وەکو یەك دەرفەتیان نابێت بۆ ئەوەی بتوانن هەڵوێستی خۆیان دەربڕن. لە گفتوگۆکاندا زۆر جار ئەو شتە باس دەکرا کە، ئاسان نیە بوترێت لە کۆتاییدا کێ نوێنەرێکی باشی ئاوارەکانە و ئایا تەنانەت پێویست دەکات بەدوای شتێکی وادا بگەڕیین یان نا. هەرچەندە ناتوانین وا دابنێین کە دەبێت ئاوارە یەك دەنگی یەکگرتووی هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بیروبۆچوونەکانی ئاوارەکان لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتیەکان و بڕیارەکاندا بخەینە ڕوو. لەو کاتانەشدا زیاتر تۆڕەکانی ئاوارەکان نوێنەرایەتی ئاوارەکان دەکەن.

 

تۆڕی سۆماڵیەکانی فینلەندا تۆرێکی تایبەتی ئاوارەکان نیە، بەڵکو ڕێکخراوێکی چەترە بۆ ئەو ڕێکخراوە فینلەندیانەی کە لە سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیا کار دەکەن. بەڵام هەرچۆنێك بێت بەشێکی زۆری نوێنەرەکانی ڕێکخراوە ئەندامەکان و ئەوانەی کە سەر بەوانن ئەندامی ئاوارەیین. لە چاوپێکەوتنەکاندا بەتایبەتیش چەمکی ڕێکخراوی چەتر چەندین جار دووپاتکرایەوە و بەوەش زیاتر بۆ نموونە ئاماژە دەکرا بە وشەی تۆڕی ئاوارەکان. وا بینرا کە ڕێکخراوی چەتر شتێکی بەسوودە لەبەر ئەوەی کە لایەنە جیاجاکانی ناوچەکە کۆدەکاتەوە و بەشێوەیەکی یەکسان یارمەتییان دەدات. هەروەها دەشتوانین بڵێین لەجیاتی گەڕان بەدوای ”ئامانجی هاوبەشی” ئاوارەکان، تەنانەت لەو کاتەشدا کە لە هەموو ناکۆکیە ناوخۆییەکانی ناو ئاوارەکانیش ڕزگاریان نەبووبێت دەکرێت پێکەوە شان بەشانی یەکتر کاربکەن. دەکرێت بووترێت کە ڕێکخراوی چەتر نوێنەرایەتی شارەزایانی فرەلایەن دەکات – لایەنەکان لەژێر پرەنسیبەکان و نموونەکانی کارکردن کۆدەکاتەوە بەبێ ئەوەی مەرجی هاوڕایی دابنێت لە هەموو شتەکاندا.

 

ئەگەر لەناو هەر گروپێکی ئاوارەدا پلانی خۆڕێکخستن و تۆڕبەستنی نوێ دابنرێت، چاکتر وایە بیر لە دامەزراندنی ڕێکخراوی چەتری نوێ بکرێتەوەو بیروڕاکانی کاروچالاکیە هاوبەشەکانیش وەکوو نووكی چەترەکە بەکاربهێنرێت. لەو کاتەدا نوێنەرایەتیی گروپە ئاوارەکە فرەلایەنتر دەبێت لەوەی کە وەکو مەرجێك بۆ خۆڕێکخستن یەك دانە ئامانجی هاوبەش هەبێت و بگەڕێن بەدوای شێوازی کارکردنی هاوبەش. لە دامەزراندنی تۆڕی سۆماڵیەکانی فینلەندا هەر لەسەرەتاوە چی نوێنەری ئاوارەی سۆماڵی و چی شارەزایانی دەرەکی تری فینلەندیش ئامادەییان هەبووە. ئەو شتەی هاوکاریکردنی نێوان سۆماڵیەکانی ئاسان کردووە ئەوەیە کە لە ئەنجامدانی کاری هاوکاری بووژاندنەوەدا داب و نەریتێکی دوورودرێژی دوولایەنی هەیە. کاتێك کە بارودۆخی نیشتیمانی گروپێكی تری ئاوارە جیاوازە لەگەڵ سۆماڵ، لەو کاتەدا مەرج نیە هەمان جۆرە پڕۆژە لەوێش بکرێت یان ماقوڵیش نیە هەر ئەو جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بکرێنەوە. لە گفتوگۆکاندا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە، بۆ نموونە لە عیرقدا پارەوپوولێکی زۆر هەیە، بەڵام بە نایەکسانی دابەش دەکرێت. میللەتەکە بەرامبەر بەو ناعەدالەتیەو ئەو گەندەڵی و پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤە کە هەیە بێ ئومێد بوونە، کە ئەوەش سەختە بە کاری هاوکاری بووژاندنەوە لە سەر شێوازە کۆنەکە یان بەڕێگای یارمەتی پارە بیگۆڕیت.

 

لە بەشێکی زۆری چاوپێکەوتنەکان و گفتوگۆکاندا بەرامبەر بە سۆمال و وڵاتەکانی تریش ئەو شتە دووپات دەکرایەوە کە، لەجیاتی یارمەتی ئابووری بۆ نیشتیمانی ڕەسەنی ئەو خەڵکانە، چاکتر وایە زانین بۆ ئەوێ ببرێت. هەروەها پێویست دەکات دەستبەرداری ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بین کە دەڵێت هاوکاریی بووژاندنەوە هەمیشە مانای ئەوەیە کە شتێکی سوودبەخش یان زانیاریەك ببرێت بۆ وڵاتە ڕەسەنەکە: بەڵکو دەکرێت هاوکاری بووژاندنەوە بەوە بکرێت کە زانیاری و تاقیکردنەوکان بڵاوبکرێنەوە، بۆ نموونە دەرفەتەکانی دانیشتوانەکەی وڵاتە ڕەسەنەکە زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بیروڕای خۆیان لە شوێنە گشتیەکاندا دەربڕن و بازرگانی جیهانی بکەن. هەروەها گروپی ئاوارە دەتوانێت یارمەتی وڵاتە ڕەسەنەکەی بەوە بدات کە سەبارەت بە شتەکان ئاگاداری بڵاوبکاتەوە و لە وڵاتەکەی خۆیدا لە ڕووە سیاسیەکەوە کاریگەری دروست بکات.

 

 

٤-٥ ئامانجە نوێیەکان و ڕۆڵی گەنجان

 

هەرچەندە نەوە گەنجەکان کارو کردەوەیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە، بەڵام ئێستاکە لەجاران زیاتر پێویست بە بەشداریکردنی گەنجان دەکات لە تۆڕی سۆماڵیەکانی فینلەندا. کەسێك کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراو لە قۆناخی دامەزراندندا بەشدار بووە، دەیووت: ”لەم کاتەدا خەڵکی گەنج ئەوەندە زۆر نیە کە بە حەماسەوە و بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بیانەوێت بێن لە کارەکاندا بەشداری بکەن. پێویستە کار بکرێت لەپێناوی گەنجەکاندا. من لەو شتەم کۆڵیوەتەوە کە چۆن کاری خۆبەخشانە دەرفەتی کار پەیدا کردن زیاتر دەکات و پالپشتی دەکات. بەڵگەش لەسەر ئەو شتە هەیە کە کاری خۆبەخشی ئارەزوو و زانیاری زیاد دەکات. کاتێكیش کە تۆ ئەم توانایانەت هەبێت خاوەن کارەکەشت بەهای بۆ دادەنێت.

 

زۆر جار بۆ منداڵانی کۆچبەران ئەو چالاکی و فێرکارییانە ڕێك دەخرێن کە تایبەتن بە کۆچبەرە تازەکان. ئەو کەسە کە چاوپێکەوتنی لەگەلدا کرا باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن لە کاتی مناڵی خۆیدا ماوەیەکی زۆری خایاندووە هەتاکو درکی بەوە کردووە کە ئەو جۆرە کردەوەیە دەبێتە مایەی دروستکردنی جیاوازی لەنێوان خۆی و ئەوانەی کە لە فینلەندا لەدایکبوونە، پاشانیش ئەو بەپێی پێناسەکەی خۆی کۆچبەر نیە. کەسایەتی سۆماڵی سەرەڕای گرژی و ئاڵۆزیەکانیش هەرچۆنێك بێت وەکو شتێکی پۆزەتیڤ دەبینرێت. پەیوەست بوون بە کوڵتووری سۆماڵیەوە و ئارەزووی فێربوونی داب و نەریتە ڕەسەنەکان ئەو کۆسپەی کە هەیە لەبەردەم بەشداریکردن لە چالاکیەکانی تۆڕی ئاوارەکاندا لەوە نزمتر دەکاتەوە کە لەبەردەمدا هەیە بۆ بەشداریکردن لە خولیاو چالاکیەکانی تر.

 

یەکێك لە ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیەکە دەیووت، تۆڕی سۆماڵیەکانی فینلەندا ئێستاکە لەتەمەنی ١٥ ساڵاندایە، بەپێی یاسای سۆماڵ تەمەنی یاسایی هەیە. ئەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا ئاواتەخوازبوون کە کارو چالاکیەکانی تۆڕە تەمەن یاساییەکە بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت. زۆریان ئاواتەخوازبوون کە لە داهاتوودا چالاکیەکان لە سۆماڵ و قۆچی ئەفریقیادا ناوچەی فراوانتر بگرێتەوە. هاوکاریکردن لەگەڵ لایەنە ناوچەییەکانی نیشتیمانی ڕەسەن بەشێوەیەکی چڕوپڕتر بە ئامانجێکی پۆزەتیڤ دادەنرا. چەندین جار ئەو خرایە ڕوو کە فینلەنداو خەڵکی فینلەندی لە سۆماڵدا وەکو لایەنێکی هاوکاری جێێ متمانە ناوبانگی باشیان هەیە، ئەوەش دەبێتە مایەی ئاسانکردنی کارەکان.

 

بەشێوەیەکی گشتی ڕاوبۆچوونەکان وا بوون کە، پێویست دەکات لە داهاتوودا کارو چالاکیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان تیادا بکرێت هەرچەندە لەم کاتەدا جارێ دڵنیانیین کە بەچی شێوەیەك ئەو گۆڕانکاریانە بکرێن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە، ئایا بەچی شێوەیەك بتوانرێت گەنجەکان بهێنرێنە پێشەوە بۆ بەشداریکردن لە کارەکاندا. هەروەها بیر لەوەش کرایەوە کە، ئایا دەکرێت شان بەشانی کارەکانی هاوکاریکردنی بووژاندنەوە بەردەوامبین لە ڕێکخستنی چالاکیەکان لە فینلەندا بەشێوەیەکی زیاتر، وەکو یارمەتیدانی گەنجە پەراوێزکراوەکان. یەکێك لەوانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرا دەیووت، لە ڕۆژگاری ئێستادا کارکردن لە بواری کۆمەڵەدا زۆر سەرنج ڕاکێش نیە و پێویست دەکات ڕێوشوێنی کارکردنی نوێ بدۆزرێتەوە. بەڵام بەهەر حاڵ زۆرێك لەو گەنجە سۆماڵیانەی کە لە فینلەندا لەدایکبوونە کەسێتیەکی بەهێزی سۆماڵییان هەیە، لەبەر ئەوە باوەڕمان وابوو کە ڕەنگە لایەنی کەم بەشێك لەو گەنجانە حەز بکەن لەگەڵ تۆڕی ئاوارەکاندا کار بکەن. ئەو شتەی کە مایەی سەرنجە ئەوەیە کە بەچی شێوەیەك گۆڕاناکاریەکانی نەوەکان و کەسێتیەکان لەناو ئاوارەکاندا لە شێوازی کارەکاندا بەدی دەکرێت.

 

 

 

لەکۆتاییدا

 

لەکاتی ئەنجامدانی پڕۆژەی پرۆسەی دیالۆگیادا ئەو شتە پەسەندکراوانەمان کۆکردوە کە بە ڕێگای ئەوانەوە بتوانرێت پشتگیری لە بەشداریکردنی ئاوارەکان بکرێت لە کۆمەڵگەدا لە وڵاتی نیشتەجێبوونی ئێستایاندا هەروەها لە پەیوەندیاندا لەگەڵ نیشتیمانە ڕەسەنەکەیان. ئەو شتە پەسەندکراوانە لای خوارەو لە لیستەیەکدا بە کورتی نوسراون و دەکرێت چی نوێنەرەکانی ئاوارەکان و چی تۆڕەکانی ئاوارەکان و ئەو ڕێکخراوانەش کە لەگەڵ ئاوارەکاندا کار دەکەن، کاربەدەستانی حکومەت، بڕیاردەرەکان و شارەزایانی تر سوودیان لێ وەربگرن.

 

١- پێویستە لە کاروباری لایەنە فەرمیەکان و لێکۆڵینەوەکاندا بەشداریکردنی نوێنەرەکانی ئاوارەکان لەو پڕۆژانەدا کە تایبەتە بەخۆیان و بە نیشتیمانە ڕەسەنەکەیانەوە لە کاتیکی زوودا مسۆگەر بکرێت. ئەمەش پلان دانان و هەروەها قۆناخەکانی تری جێبەجێکردنیش دەگرێتەوە. نابێت بەشداریکردنی ئاوارەکان وەکو بەهایەکی زیادکراو تەماشا بکرێت، بەڵکو دەبێت وەکو مەرجێك بۆ کارکردن دابنرێت. بەهەر حاڵ دەبێت شارەزایی لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە لە زانینی پیشەیی جیابکرێتەوە. هەروەها پێویستە یەکسانی نوێنەرایەتیکردن لە نێوان نوێنەرەکانی ئاوارەکاندا مسۆگەر بکرێت.

 

٢- پێویستە بایەخێکی تایبەت بدرێت بە شێوازەکانی گەیاندن و زمان. بەکارهێنانی سۆشیال میدیا شتکی گرینگە و خەڵکی زۆری لێ کۆدەبێتەوە. دەبێت گەیاندنەکان بەهەموو زمانە جیاجیاکان داواکاریەك بێت نەك بەهایەکی زیادە. پێویستە زانیاریەکان ئەوەندەی بکرێت بەئاسانی بگەنە دەستی ئاوارەکان، بەو زمانەی کە خۆیان بەکاری دەهێنن (نەك بۆ نموونە تەنها بەڕێگای ئەو جۆەرە لینکەی کە بە زمانی وڵاتی نیشتەجێبوون نوسراوە). بەکارهێنانی زمانە جیاجیاکان زانیاریەکان بەشێوەیەکی کاریگەر بڵاودەکاتەوە و یارمەتیدەرە بۆ گەیشتنی زانیاریەکان بەو کەسانەی کە بەهۆی ئەوەی باش فێری زمان نەبوونە لە پێگەیەکی لاوازدان.

 

٣-  پێویستە پشتگیری بکرێت لە خۆڕێکخستنی کۆمەڵە خەڵکی ئاوارە. بەتایبەتی ڕێکخراوی چەتر هەیکەلێکی باشە بۆ ئەو کاتەی کە چەندین گروپی بچووك یان کۆمەلە دەیانەوێت پێکەوە کاربکەن. لەکاتێکدا کە تەنانەت هەمو ناکۆکیە جیاجیاکانیش چارەسەر نەکرابن هێشتا گروپە جیاجیاکان هەر دەتوانن هاوشانی یەکتر کاربکەن. زۆر جار بەشداریکردنی کەسانی دەرەوەی گروپی ئاوارەکان دەبێتە هۆی فێربوونی شتی دوولایەنە، متمانە پەیداکردن و تێگەیشتن لە داب و نەریتی کارکردن.